روانـــين: May 2005

23.5.05

گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌عس له‌ په‌نجه‌ره‌وه‌

حه‌ز به‌ هیچ یاساغکردنێکی زه‌بروزه‌نگامێز ناکه‌م، به‌ڵام کاریش که‌ ده‌گاته‌ ره‌فتارێکی وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ به‌عس به‌درێژایی ته‌مه‌نی ده‌رهه‌ق به‌ خه‌ڵکی دوورونزیکی خۆی کردوویه‌، ئه‌وا کار له‌ حه‌زکردن و حه‌زنه‌کردن تێده‌په‌ڕێت.
زۆربه‌مان پێمانوابوو، که‌ ئه‌گه‌ر بێت و رۆژێک سه‌دام و داروده‌سته‌که‌ی له‌سه‌رکار وه‌لابکه‌ون، ئیدی هه‌رگیز که‌سێک رۆژێک له‌ رۆژان رووی ئه‌وه‌ی نابێت، بڵێت من به‌عسیم، ئاخر کاروکرده‌وه‌کانی عاره‌قی شه‌رمه‌زاری به‌ روومه‌تی که‌سانی هیتله‌رئاساشدا دێننه‌خوار. که‌چی به‌داخه‌وه‌ ئه‌وا خه‌ریکه‌ ئه‌و به‌عسه‌ی له‌ ده‌رگاوه‌ وه‌ده‌رنرا، له‌په‌نجه‌ره‌وه‌ دێته‌وه‌ ژوور.
ئه‌وه‌ چه‌ند رۆژێکه‌ مێدیاکان باس له‌ هه‌وڵه‌کانی عه‌للاوی بۆ هێنانه‌وه‌ مه‌یدانی حیزبی به‌عس بۆ دونیای کاری سیاسی عێراق ده‌که‌ن، دیاره‌ ئه‌مه‌ش به‌ به‌رچاو و له‌وانه‌یه‌ به‌ ره‌زامه‌ندی ئه‌مه‌ریکیه‌کان خۆیان بێت. ئاخر بۆ ئه‌وان کێ له‌ به‌عسێکی بێ سه‌دامی سه‌ره‌ڕۆ باشتره‌! هه‌م به‌شێکی به‌رچاوی کۆمه‌ڵگه‌ و هه‌م پارت و گرووپه‌ سیاسیه‌ عێراقیه‌کان ورده‌ورده‌ به‌ره‌و دواوه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه، شیعه‌کان هێنده‌ی موڵکی ئێرانی مووی ناو لووتی ئه‌مه‌ریکان، هێنده‌ به‌ده‌ردی ئه‌مه‌ریکییه‌کان ناخۆن، باری ئاسایشی وڵات رۆژ به‌ رۆژ به‌ره‌وخراپتر ده‌چێت و یه‌کدی تاوانبارکردنی مه‌رجه‌عه‌‌ سووننی و شیعه‌کان، ئه‌گه‌ری هه‌ڵایسانی شه‌ری ناوخۆ له‌هه‌موو کاتێک نزیکتر ده‌کاته‌وه‌ و له‌گه‌ڵیشیدا ره‌وایه‌تی ناوخۆی شه‌ڕه‌که‌ی ئه‌مه‌ریکاش داده‌به‌زێت. دیموکراسی و پێکه‌وه‌هه‌ڵکردن له‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی وه‌ک ئه‌وه‌ی عێراقدا کارێکی هێنده‌ ئاسان نییه‌ و کار، کات و قوربانی زۆری ده‌وێت، له‌وانه‌یه‌ ئه‌مه‌ریکییه‌کانیش نرخی له‌وه‌ زیاتر بۆ سه‌ودایه‌که‌یان به‌ ڕه‌وا نه‌زانن. جا له‌هه‌لومه‌رجێکی ئاوادا هه‌م بۆ ئه‌مه‌ریکییه‌کان و هه‌م بۆ سیاسه‌تمه‌دارێکی کۆنه‌ به‌عسی تارادده‌یه‌ک له‌ هه‌ڵبژاردندا دۆڕاوی وه‌ک عه‌للاوی کێ له‌ به‌عسیه‌کان باشتره‌؟
به‌ڵام من هه‌رچی هه‌واڵی له‌مجۆره‌ ده‌بینم، ده‌بیسم و ده‌خوێنمه‌وه‌، ته‌زوویه‌کی سارد به‌ له‌شمدا دێت، هه‌رچه‌نده‌ که‌ تاراده‌یه‌کی زۆریش له‌وه‌ دڵنیام که‌ رۆژی تاڵی وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتدارێتی سه‌دامدا دیمان نابینینه‌وه‌، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش ده‌ڵێم؛‌ ئه‌گه‌ر به‌عسیه‌کان هه‌ر دێنه‌وه‌ یان باشتر بڵێم ده‌هێنرێنه‌وه‌ مه‌یدان، هیوادارم به‌ ناوێکی دیکه‌وه‌ بێنه‌وه‌، تا هه‌موو جارێک له‌گه‌ڵ ناوهێنانیان دیمه‌نی ئێسک و پروسکی ئه‌و ده‌یان هه‌زار خه‌ڵکه‌ به‌ناهه‌ق کوژاره‌م نه‌یه‌ته‌وه‌ به‌رچاو.